بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق لە میانەی بەشداری کردنی لە نەریتی ساڵیادی شەھید بوونی سەردار «قاسم سولەیمانی» فەرماندەری لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و «ئەبو مەھدی موھەندیس» جێگری سەرۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبی ڕابگەباند: ئەو دو سەرکردەیەی کە شەهید بوون هەموکات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان، وەستانەوە دژی ستەمکاری و توندڕەوی، بۆیە لەئێستاشدا کە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامن پێویستە هەموان لەپێناوی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق بەردەوام بن لەهەماهەنگی و کاری بەیەکەوەیی.
«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش کردکە،هەردووک سەرکردەی شەهید بەشداربوون لەتێکشکاندنی داعش و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ عێراق، ئەوان باوەڕیان وابوو بەخشینی گیان و شەهیدبوون بەرزترین پلەیە بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و وەستانەوە دژی ستەمکاری، بۆیە بەهاوکاریی ئەوان و هێزە ئەمنییەکانمان لەسوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، داعش و پلانەکانی لەناوبران و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزران.
ئەوەشی خستەڕو، ئەمڕۆ هەموان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەدان کە بریتییە لە پاراستنی سەرکەوتنەکان و دوبارەنەبونەوەی کارەساتەکان، هەروەها رێگری کردن لەهەمو هۆکارێک کە ئاسایشی عێراق بەئامانج دەگرێت ئەرکی گشت لایەکە، بۆیە ئەم قۆناغە دەخوازێت کە یەکریز بین بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی هەنگاوەکانی چاکسازیی ریشەیی لەپێناو خزمەتی هاوڵاتیان و ئاسودەیی گیانی شەهیدان.
342/